به‌شی نەوت

پیشەسازی نەوت کەرتێکی گەشەسەندووی گرنگە لە هەرێمی کوردستان کە چەندین لاوی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، بەتایبەت ئەوانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکان. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە بەرنامەی دیپلۆم لە بواری نەوتدا لە پەیمانگەی گەشە داڕێژرا بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تەکنیکی لێهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و گاز بە باشترین شێوە.بەشەکەمان مامەڵە لەگەڵ بوارەکانی کەرتی نەوت دەکات، وەک بیر هەڵکەندن، بەرهەمهێنانی نەوت، پاڵاوگە نەوتییەکان، تاقیکردنەوەی بیرەکان و ڕێکارەکانی تری بەرهەمهێنان. دەرچووانی بەشەکەمان ئامادەکارییەکی باشیان هەیە بۆ کارکردن لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز وەک تەکنیکار.

دید

بەشی نەوت لە پەیمانگەی گەشە ببێتە پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی تەکنیکاری بەتوانا لە بواری پیشەسازی نەوت و گاز، لە ڕێگای دابینکردنی کاریگەرترین و سودبەخشترین پرۆگرامی پەروەردەیی بۆ قوتابیانمان.

پەیام

  • پەروەردەکردن و ڕاهێنانی تەکنیککارانی نەوت بۆ ئەوەی شارەزایی پەیداکەن لە بوارەکانی بیر هەڵکەندن، بەرهەمهێنان، پاڵاوگە و تاقیکردنەوەی بیر.
  • دابینکردنی پرۆگرامێکی پێنج ساڵە بۆ قوتابیان بە زمانی ئینگلیزی، بۆ ئەوەی ئامادەیان بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
  • فێرکردن و ڕاهێنانی قوتابیان بەو ئامێرانەی کە لە تاقیگەکانی نەوت و گازدا بەکارن، بۆ ئەوەی ئاشنابن بە بەکارهێنانی ئامێرەکان
  • ده‌رچووانمان لە بەشی نەوت دەتوانن له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی پیشه‌سازی نه‌وت و گاز کاربکەن وە پیشه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و داهاتوویەکی گەش به‌ده‌ست بهێنن.

بواری نەوت چەندین بابەتی تیۆری و پراکتیکی لەخۆدەگرێت کە پێویستیان بە تاقیگەی هاوچەرخ و تایبەت هەیە. پەیمانگەی گەشە پێشەنگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەڕووی دابینکردنی تاقیگەی پێشکەوتوو بە ئامرازەکانی تاقیکردنەوە و شیکارییە جیاوازەکان، کە لەلایەن مامۆستا و سەرپەرشتیاری شارەزاوە بەڕێوەدەبرێت. قوتابیان پشکنینەکانی تاقیگە ئەنجام دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی پراکتیکی لە ڕێگای ئەم تاقیگانەی خوارەوە:

  • تاقیگەی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان و شیکاری شلەمەنییەکان
  • تاقیگەی تایبەتمەندیەکانی نەوتی خاو
  • تاقیگەی جیۆلۆجی و جیۆفیزیکی نەوت
  • تاقیگەی کیمیای شیکاری و ئەندامی

دەرئەنجامەکانی فێربوون

  • قوتابیان شارەزایی تەواو بەدەست دەهێنن لەسەر تەکنیک و ئامرازە مۆدێرنەکانی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
  • دەرچووان هەلی کاری بەرز بەدەست دەهێنن لە پیشەسازی نەوت و گازدا.
  • پاراستن و زیادکردنی به‌رهه‌مهێنانی نەوت و گاز له‌ هەرێمی كوردستان.